دوگین کێیە؟

دوگین کێیە؟
ئەلەکسەندەر گیلیڤیچ دوگین لە ٧ جەنیوەری ١٩٦٢ لە مۆسکۆ لەدایک بووە. ئەو لە مناڵییەوە لەژێر کاریگەری وتەکانی دایە گەورەیدا وەک باوەڕمەندێکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی رووسی پێگەیشتووە. ئەو لە باوکێکی قانوونی و دایکێکی پزیشک هاتووەتە دنیاوە. لە مۆسکۆ خوێندنی خۆی تەواوکردووە و هەڵگری دوو دۆکتۆرا لە سیاسەت و فەلسەفەیە.
ئەو لە نەوەدەکانەوە بە کاری رۆژنامەنووسی دەستی پێکردووە. لەرووی ئایدیاکانیشەوە بە باوکی تیۆری نیۆئۆراسیایی دەناسرێ کە لە حەوزی زانستی خۆیدا، فەلسەفە، کۆمەڵناسی لەگەڵ جیۆپۆلیتیک تێکەڵکردووە.
دوگین لە تەمەنی ناوساڵی خۆیدا گۆڤاری چاودێری ئۆراسیا و چەندین بەرنامەی رادیۆیی و تەلەفیزیۆنی بەڕێوەبردووە. هەروەها لە سەرەتای ٢٠٠٠ پارتی ئۆراسیایی پێکەوەناوە و سەرۆکی بەشی لێکۆڵێنەوەی کۆمەڵناسی دوومای رووسیش بووە کە دواتر لەبەر تێزەکانی لەمەڕ جەنگی ئۆکراینا لەو بەشە نەماوە. دواتر بزاڤی جیهانی ئۆراسیایی پێکەوەناوە.
دووگین زیاتر لە سەدان وتار و ٣٠ کتێبی هەیە کە گرنگترینیان:
1-  بنیاتەکانی جیۆپۆلیتیکا -١٩٩٧
2- تیۆری چوارەمی سیاسەت - ٢٠٠٩
دوگین کە ٩ زمان دەزانێ ئێستا لەسەر ئاستی جیهان دەناسرێ و ناوبانگی جیهانی پەیداکردووە و بەرهەمە فکرییەکانی بە زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێردراون. تێزەکانی لە جیهان گەردەلوولیان بەرپاکردووە و گەلێک ناوەند و بنکەی ئەکادیمی و هزری بە شرۆڤەی تێزەکانییەوە خەریکن.
ئەو ئەوەندە ناوبانگی پەیداکردووە کە گۆڤاری ئاکتوێلی فەرەنسایی ئەوی بە گەورەترین بیرمەندی رووسیا لەدوای سۆڤیەت وەسفکردووە. ئەو کاریگەری تێزەکانی جولیس ئیڤۆلای ئیتالی و رینیێ گینیۆنی فەرەنسایی و حەیدەر جەمالی رووسی لەسەرە.
دووگین لەساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ هاوبیرەکانی وەک یەڤگینی گۆلۆڤین و حەیدەر جەمال پرۆژەی زانکۆیی نوێی دامەزراندووە.
لە تیۆری چوارەمی سیاسەتدا باوەڕی وایە دەبێ:
- دەست لە تیۆری کلاسیکی سەرکەوتوو و سەرنەکەوتوو بکێشرێ
- دەبێ فشار بۆ قوەی تەسەور بهێنرێ
- شیفرەکانی خەباتی پۆست مۆدڕێن بکرێنەوە
- بەرهەمهێنانی شتێکی تازە لەسەرووی نەبەردەکانی سەدەی ١٩ – ٢٠
دووگین خۆی دیاردەیەکە کە هێشتا ماویەتی تێز دابهێنێت.